بەدیهێنەری خۆت لەبیر بێت لە سەردەمی گەنجیێتیت، پێش ئەوەی ڕۆژگاری خراپە بێت یان ئەو ساڵانە نزیک بێتەوە کە بڵێی: «خۆشییان تێدا نابینم،» |
پێش ئەوەی درەوشانەوەی خۆر و ڕووناکی و مانگ و ئەستێرە تەواو بێت، پێش ئەوەی گەڕانەوەی هەوری باران ئاسمان تاریک بکات؛ |
ئەو ڕۆژەی پارێزەرانی ماڵ دەلەرزن، پیاوانی بەهێز دەچەمێنەوە، ئەو ئافرەتانەی کە ئیشی دەستاڕیان دەکرد لەبەر کەمی لە کار دەکەون، تاریک دادێن ئەو ژنانەش کە لە پەنجەرەکانەوە تەماشا دەکەن؛ |
کاتێک دەرگاکانی بازاڕ دادەخرێن و دەنگی هاڕین نزم دەبێتەوە؛ ئەو ڕۆژەی کە پیرەمێرد لە دەنگی چۆلەکە هەڵدەستێت، هەرچەندە بەلایەوە گۆرانی کچەکان کز دەبن؛ |
ئەو ڕۆژەش کە خەڵک لە بەرزایی دەترسن و لە ڕێگا تۆقیون، کە بادەم چرۆ دەکات و کوللەحاجی خۆی ڕادەکێشێت و هیچ ئارەزوو نامێنێت. ئیتر مرۆڤ بەرەو ماڵی هەتاهەتایی خۆی دەچێت و شینگێڕەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە. |
لەبیرت بێت، پێش ئەوەی زنجیری زیو بپچڕێت و قاپی زێڕین بشکێت؛ پێش ئەوەی گۆزە لەسەر کانی وردوخاش بکرێت، یان چەرخە لەسەر بیر بشکێنرێت و |
خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو، ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیویەتی. |
وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتایە! بێ واتایان! هەموو شتێک بێ واتایە!» |
سەرباری ئەوەی کە وتاربێژی ژیرمەند دانا بوو، گەلیشی فێری زانین کرد، شارەزای هەڵسەنگاندن و پشکنین و ڕێکخستنی پەندی زۆر بوو. |
وتاربێژی ژیرمەند هەوڵی دا وشە شادی بەخشەکان بدۆزێتەوە کە بە سەرڕاستی نووسراون و وشەکانی ڕاستین. |
وشەکانی پیاوی دانا وەک نەقیزە وایە، وەک بزمارە چەقیوەکانن لە پیاوانی کۆمەڵ، لەلایەن یەک شوانەوە دراون. |
ئەی ڕۆڵە، سەرەڕای ئەمانە، ئاگاداری شتەکانی دیکەش بە. دانانی پەڕتووکی زۆر کۆتایی بۆ نییە، لێکۆڵینەوەی زۆریش لەش ماندوو دەکات. |
هەموو شت ئێستا بیستراوە و دەرئەنجامەکەی ئەوەیە: لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە، چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە. |
خودا حوکم بەسەر هەموو کارێکدا دەدات، بە هەموو کارێکی نهێنیشەوە، جا چاک بێت یان خراپ. |