ئەوە بوو پاش ئەمە، داود لە یەزدانی پرسی و گوتی: «سەربکەوم بۆ یەکێک لە شارۆچکەکانی یەهودا؟» یەزدانیش پێی فەرموو: «سەربکەوە.» داودیش گوتی: «بۆ کوێ سەربکەوم؟» ئەویش فەرمووی: «بۆ حەبرۆن.» |
ئینجا داود بۆ ئەوێ سەرکەوت، خۆی و هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایل کە بێوەژنی نابالی کارمەلی بوو. |
هەروەها داود ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون هەریەکە و لەگەڵ خێزانەکەی برد و لە شاری حەبرۆن و شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون. |
پاشان پیاوانی یەهودا هاتن و لەوێ داودیان بە پاشای بنەماڵەی یەهودا دەستنیشان کرد. کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا کە پیاوانی یاڤێش گلعاد شاولیان ناشتووە، |
داودیش چەند نێردراوێکی بۆ لای پیاوانی یاڤێش گلعاد نارد بۆ ئەوەی پێیان بڵێن: «با یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، کە ئەم چاکەیەتان لەگەڵ گەورەتان، لەگەڵ شاولدا کردووە و ناشتووتانە. |
ئێستاش با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیتان پیشان بدات، هەروەها منیش ئەم چاکەیەتان لەگەڵدا دەکەم، چونکە ئێوە ئەم کارەتان کرد. |
ئێستاش بازووتان بەهێز بکەن و ئازابن، چونکە شاولی گەورەتان مردووە و بنەماڵەی یەهودا منیان بە پاشای خۆیان دەستنیشان کردووە.» |
لەو کاتەدا ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی شاول، ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی بردبوو و پەڕاندبوویەوە بۆ مەحەنەیم و |
کردبووی بە پاشای گلعاد و ئەشوری و یەزرەعیل و ئەفرایم و بنیامین و هەموو ئیسرائیل. |
ئیشبۆشەتی کوڕی شاول تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد، تەنها بنەماڵەی یەهودا دوای داود کەوتن. |
ئەو ماوەیەش کە داود تێیدا لە حەبرۆن پاشایەتی کرد لەسەر بنەماڵەی یەهودا، حەوت ساڵ و شەش مانگ بوو. |
ئەبنێری کوڕی نێر و پیاوانی ئیشبۆشەتی کوڕی شاول مەحەنەیمیان بەجێهێشت و چوون بۆ گبعۆن. |
هەروەها یۆئابی کوڕی چەرویا و پیاوانی داودیش چوونە دەرەوە و لەلای گۆمەکەی گبعۆن بەیەکگەیشتن، جا ئەمان لەسەر گۆمەکە لەم لا و ئەوانیش لەسەر گۆمەکە لەو لا دانیشتن. |
ئینجا ئەبنێر بە یۆئابی گوت: «با هەندێک لە گەنجەکان هەستن و لەبەردەمماندا دەستەویەخە بەرەنگاری یەکتری ببنەوە.» یۆئابیش گوتی: «با هەستن.» |
جا هەستان بە هەڵبژاردنی دوازدە پیاو بۆ بنیامین و ئیشبۆشەتی کوڕی شاول و دوازدە پیاویش بۆ داود. |
ئینجا هەریەکە و سەری بەرامبەرەکەی خۆی گرت و شمشێرەکەی کرد بە قەبرغەی دا و هەموویان کوژران. لەبەر ئەوە ئەو شوێنە لە گبعۆن بە حەلقەت هەچوڕیم ناونرا. |
جا لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر توند بوو، ئەبنێر و پیاوانی ئیسرائیل لە بەرامبەر پیاوانی داود تێکشکان. |
هەر سێ کوڕەکەی چەرویاش، یۆئاب و ئەبیشەی و عەساهێل لەوێ بوون. عەساهێلیش پێیەکانی سووک بوون وەک مامزی کێوی. |
جا عەساهێل دوای ئەبنێر کەوت و لە ڕاونانی ئەبنێردا نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لاینەدا و |
ئەبنێریش ئاوڕی لە دواوە دایەوە و گوتی: «ئەمە تۆی، عەساهێل؟» ئەویش گوتی: «منم.» |
ئەبنێریش پێی گوت: «بەلای ڕاست یان چەپدا لابدە و یەکێک لە گەنجەکان بگرە و بۆ خۆت تاڵانی بکە.» بەڵام عەساهێل نەیویست وازی لێ بهێنێت. |
دیسان ئەبنێر بە عەساهێلی گوت: «بەدوای منەوە مەبە، بۆچی لەگەڵ زەوی تەختت بکەم؟ پاشان چۆن ڕووم بێت لەلای یۆئابی برات سەر بەرز بکەمەوە؟» |
بەڵام عەساهێل قایل نەبوو وازی لێ بهێنێت، لەبەر ئەوە ئەبنێر لێیدا و ڕمەکەی کرد بە سکیدا و ڕمەکە لە پشتییەوە دەرچوو. جا لەوێدا کەوت و لە شوێنی خۆیدا مرد، بۆیە هەرکەسێک دەهاتە ئەو شوێنەی کە عەساهێل تێیدا کەوت و مرد، ڕادەوەستا. |
بەڵام یۆئاب و ئەبیشەی دوای ئەبنێر کەوتن و خۆرئاوا بوو کاتێک گەیشتنە گردی ئەمما ئەوەی نزیکی گییەحە لەسەر ڕێگای چۆڵەوانی گبعۆن. |
جا نەوەی بنیامین لەدوای ئەبنێر کۆبوونەوە و بوون بە یەک کۆمەڵ و لەسەر گردێک ڕاوەستان. |
ئەبنێر هاواری لە یۆئاب کرد و گوتی: «ئایا هەتاهەتایە شمشێر خوێن دەڕێژێت؟ ئایا نازانیت کۆتاییەکەی تاڵ دەبێت؟ هەتا کەی بە جەنگاوەران ناڵێیت:”واز لە ڕاونانی براکانتان بهێنن“؟» |
یۆئابیش گوتی: «بە خودای زیندوو، ئەگەر قسەت نەدەکرد، هەتا بەیانی هیچ پیاوێک وازی لە ڕاونانی براکەی نەدەهێنا.» |
پاشان یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و هەموو جەنگاوەران ڕاوەستان، ئیتر دوای ئیسرائیل نەکەوتن و نەگەڕانەوە بۆ جەنگ. |
ئینجا ئەبنێر و پیاوەکانی بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا ڕۆیشتن و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و بەناو بیترۆندا ڕۆیشتن و هاتن بۆ مەحەنەیم. |
یۆئابیش لە ڕاونانی ئەبنێر گەڕایەوە و هەموو جەنگاوەرانی کۆکردەوە. بێجگە لە عەساهێل، نۆزدە پیاو لە خزمەتکارەکانی داود ون بوون، |
بەڵام پیاوەکانی داود لەو بنیامینییانەی کە لەگەڵ ئەبنێر بوون سێ سەد و شەست کەسیان لێ کوشتبوون. |
ئینجا عەساهێلیان هەڵگرت و لە گۆڕەکەی باوکی کە لە بێتلەحمە ناشتیان و یۆئاب و پیاوەکانیشی بە درێژایی ئەو شەوە ڕۆیشتن و لە بەرەبەیان گەیشتنە حەبرۆن. |