ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە. قژت وەک مێگەلە بزنە کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە. |
ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن، کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە، هەموویان جووتن، هیچیان بە تەنها نین. |
لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە، دەمت شیرینە، گۆنات وەک لەتە هەنارە لە پشت پەچەکەتەوە. |
گەردنت وەک قوللەی داودە بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە، هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە، هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە. |
جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن، وەک جووتێک مامزن، کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن. |
بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و تاریکی بڕەوێتەوە، دەچمە چیای موڕ و گردی بخوور. |
ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە، هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە. |
بووکێ، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە. لە لووتکەی چیای ئەماناوە وەرە خوارەوە، لە سەری سنیرەوە کە لووتکەی حەرمۆنە، لە لانەی شێرانەوە، لە چیای پڵنگانەوە. |
ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە، بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم، بە موورووێکی ملوانکەکەت. |
ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم، ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە، بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک. |
لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ، شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە! بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە. |
باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم، سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە! |
نەمامەکانت باخی هەنارن لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە، خەنە و ناردین، |
ناردین و کارکۆم، قامیشی بۆنخۆش و دارچین، لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک، موڕ و ئەلوا لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان. |
تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت، بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی، لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ. |
هەستە، ئەی بای باکوور، وەرە، ئەی بای باشوور! بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن، با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە، بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی، با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات. |