مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی خواستبوو. |
جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو. |
(موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.) |
جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە. |
یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون. |
جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن: «کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە، ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم، لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم. |
بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە، بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم، |
ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم، بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ، شێوەی یەزدان دەبینێت. ئیتر بۆچی نەترسان کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟» |
جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت. |
کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول بوو، وەک بەفر سپی هەڵگەڕا، جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە. |
هارون بە موسای گوت: «گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد، |
تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.» |
موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «خودایە، تکایە چاکی بکەوە.» |
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد، ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟ با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.» |
جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە. |
پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا. |