ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: |
«هەتا کەی گیانم ئازار دەدەن و بە قسە وردم دەکەن؟ |
ئەمە دەیەم جارە ڕیسوام دەکەن، بەبێ شەرمی هێرشتان کردە سەرم. |
گریمان بە ڕاستی گومڕا بووم، گومڕاییەکەم بەسەر خۆم دەشکێتەوە. |
ئەگەر بەڕاستی ئێوە خۆتان لە من بە گەورەتر دادەنێن و شەرمەزارییەکەی من لە دژی خۆم بەکاردەهێنن، |
ئەوا با لەلاتان زانراو بێت، خودا خۆی منی خوار کردووەتەوە و تۆڕەکەی بەدەورمدا ڕاکێشا. |
«هەرچەندە لەبەر ستەم هاوار دەکەم، بەڵام وەڵامم نادرێتەوە، هاوار دەهێنم، بەڵام دادپەروەری نییە. |
ڕێی لێ گرتم و ناپەڕمەوە، تاریکی خستووەتە سەر ڕێڕەوم. |
شکۆمەندییەکەمی لێم داماڵی و تاجەکەی سەرمی لێکردەوە. |
لە هەموو لایەکەوە منی ڕووخاند تاوەکو نەمێنم و هیوای منی وەک دار هەڵکەند. |
تووڕەیی خۆی بەسەرمدا داگیرساند و بە دوژمنی خۆی دانام. |
پەلاماردەرەکانی پێکەوە هاتن و سەنگەریان لە دژی من لێدا و لە دەوری چادرەکەم خۆیان دامەزراند. |
«کەسوکاری منی لێم دوورخستەوە و ناسیاوەکانم لێم بوون بە بێگانە. |
خزمەکانم وازیان لێ هێنام و ئەوانەی منیان ناسی لەبیریان کردم. |
میوان و کارەکەرەکانم وەک بیانی دایاننام، وەک نامۆیەک مامەڵەم لەگەڵ دەکەن. |
بانگی خزمەتکارەکەی خۆمم کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە، هەرچەندە بە دەمی خۆم لێی پاڕامەوە. |
بۆنم ناخۆش بووە لەلای ژنەکەم و قێزەونم لەلای جگەرگۆشەکانم. |
تەنانەت منداڵانیش سووکایەتییان پێکردم، کە هەستم، باسی من دەکەن. |
هەموو دۆستەکانم ڕقیان لێم بووەوە و ئەوانەی خۆشم دەویستن لە دژم هەڵگەڕانەوە. |
ئێسکم بە پێست و گۆشتمەوە نووساوە و بە خۆم و پووکمەوە دەرباز بووم. |
«بەزەییتان پێم بێتەوە، بەزەییتان پێم بێتەوە ئەی هاوڕێیان، چونکە دەستی خودا لێی داوم. |
بۆچی ئێوەش وەک خودا ڕاوم دەنێن؟ لە گۆشتم تێر نابن؟ |
«خۆزگە وشەکانم دەنووسرانەوە، خۆزگە لەناو تۆمارێکدا وێنەیان دەکێشرا، |
خۆزگە بە پێنووسی ئاسن لەسەر قورقوشم دەنووسران یان بۆ هەتاهەتایە لەسەر بەرد هەڵدەکۆڵران. |
بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە زیندووە و لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە. |
پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت، هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم. |
ئەوەی من بۆ خۆم دەیبینم و چاوەکانم تەماشا دەکەن، نەک یەکێکی دیکە، لە ناخمەوە تامەزرۆی ئەوەم! |
«ئەگەر ئێوە دەڵێن:”چەند ڕاوی دەنێین، چونکە ڕەگی کێشەکە لەلای ئەوە،“ |
لە خۆتان بترسن لە ڕووی شمشێر، چونکە تووڕەیی سزای شمشێر دەهێنێت، ئیتر دەزانن کە دادوەری هەیە.» |