«یەزدان دەفەرموێت:”لەو کاتەدا، ئێسکی پاشا و پیاوە گەورەکانی یەهودا، ئێسکی کاهین و پێغەمبەران، ئێسکی دانیشتووانی ئۆرشەلیم لە گۆڕەکانیان دەردەهێنن. |
بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە. |
هەموو ئەوانەی لەم نەتەوە بەدکارە ماونەتەوە، لە هەر شوێنێک کە دەرمکردن بۆی، مردنیان پێ لە ژیان چاکتر دەبێت. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.“ |
«پێیان بڵێ:”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟ یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟ |
بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟ بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟ دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە، ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە. |
بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد، بەڵام ڕاستی ناڵێن. کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و بڵێت:’چیم کرد؟‘هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی، وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ. |
تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان کاتی خۆی دەزانێت، کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن، بەڵام گەلەکەی من نازانن یەزدان داوای چییان لێ دەکات. |
«”ئێوە چۆن دەڵێن:’ئێمە داناین، چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟ |
داناکان ڕیسوا دەبن، دەتۆقن و پێوە دەبن. ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە، ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟ |
لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە، کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن، چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە هەموو پەرۆشی قازانجن، لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین هەموو ساختە دەکەن. |
برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و دەڵێن،’ئاشتی، ئاشتی!‘بەڵام ئاشتی نییە. |
ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟ نەخێر! شەرمەزار نەبوون، هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە. لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان، لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم، نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت، نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە، گەڵاکانیش سیس دەبن. ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“» |
«ئێمە بۆچی دانیشتووین؟ با کۆببینەوە! با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان و لەوێ لەناوبچین! یەزدانی پەروەردگارمان بڕیاری لەناوچوونی ئێمەی داوە، ئاوی ژەهراویمان دەرخوارد دەدات، لەبەر ئەوەی لە دژی یەزدان گوناهمان کرد. |
چاوەڕێی ئاشتی بووین، بەڵام چاکە نەبوو. چاوەڕێی کاتی چاکبوونەوە بووین، بەڵام ئەوەتا تۆقین. |
پڕمەی ئەسپەکانی ئەو لە دانەوە دەبیسترێت، لە دەنگی حیلەی ئەسپە بەهێزەکانی هەموو زەوی دەلەرزێت، جا هاتن بۆ ئەوەی بخۆن، زەوی و هەرچی تێیدایە، شار و دانیشتووانەکەی.» |
«ئاگاداربن، ماری ژەهراوی دەنێرمە سەرتان، کە نوشتەیان لێ ناکرێت، ئینجا پێتانەوە دەدەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
ئەی خودایە، تۆ دڵنەوایی خەمی منیت، دڵم دەردەدارە. |
ئەوەتا دەنگی هانای گەلەکەم لە خاکێکی دوورەوە دێت: «ئایا یەزدان لە سییۆن نییە؟ یان پاشاکەی تێیدا نییە؟» «بۆچی بە پەیکەرە داتاشراوەکانیان پەستیان کردم، بە بتە هیچوپووچە بێگانەکان؟» |
«دروێنە تێپەڕی، هاوین تەواو بوو، ئێمەش ڕزگارمان نەبوو.» |
لەبەر وردوخاشبوونی گەلەکەم وردوخاش بووم، خەمبارم، تۆقین دەستی بەسەردا گرتووم. |
ئایا لە گلعاد هەتووان نییە؟ ئایا پزیشک لەوێ نییە؟ ئیتر بۆچی برینی گەلەکەم ساڕێژ نابێت؟ |