ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە ساڵی دەیەمی سدقیای پاشای یەهودا کە دەکاتە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسر. |
ئەو کاتە لەشکری پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دابوو، یەرمیای پێغەمبەریش لە حەوشەی پاسەوانەکانی کۆشکی پاشای یەهودا بەند کرابوو. |
سدقیای پاشای یەهودا یەرمیای بەند کردبوو، پێی گوت: «بۆچی بەم پەیامە پێشبینیت کرد؟ گوتت:”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابل و دەیگرێت. |
سدقیای پاشای یەهوداش لە دەست بابلییەکان دەرباز نابێت، بەڵکو دەدرێتە دەست پاشای بابلەوە، ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵ دەکات، چاوەکانی ئەو دەبینێت. |
سدقیا دەباتە بابل، لەوێ دەمێنێتەوە هەتا سزاکەی تەواو وەردەگرێت. ئەگەر لەگەڵ بابلییەکان بجەنگن سەر ناکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“» |
ئینجا یەرمیا گوتی: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: |
حەنەمێلی کوڕی شەلومی مامت دێتە لات و پێت دەڵێت:”ئەو کێڵگەیەی لە عەناتۆت هەمە بۆ خۆتی بکڕە، چونکە ماف و ئەرکی تۆیە بیکڕیتەوە.“ |
«جا بەپێی فەرمایشتی یەزدان حەنەمێلی کوڕی مامم هاتە لام بۆ حەوشەی پاسەوانەکان و پێی گوتم:”کێڵگەکەم بکڕە، ئەوەی لە عەناتۆتە لە خاکی بنیامین، چونکە مافی کڕینەوە و خاوەنداریێتیت هەیە، بۆ خۆت بیکڕە.“«جا زانیم ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
منیش کێڵگەکەم لە حەنەمێلی کوڕی مامم کڕی، ئەوەی لە عەناتۆتە، زیوەکەشم بۆی کێشا، حەڤدە شاقل زیو. |
گرێبەستم لە کاغەزێک نووسی و مۆرم کرد و چەند کەسێکم لێکرد بە شایەت، زیوەکەشم بە تەرازوو کێشا. |
گرێبەستی کڕینەکەم لە دوو وێنەدا برد، وێنەیەکی داخراو کە مەرج و بەندەکانی تێدابوو، لەگەڵ وێنەیەکی کراوە، |
گرێبەستی کڕینەکەم دایە باروخی کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، لەبەرچاوی حەنەمێلی ئامۆزام و ئەو شایەتانەی لە گرێبەستی کڕینەکە نووسرابوون، هەروەها لەبەرچاوی هەموو ئەو جولەکانەی لە حەوشەی پاسەوانەکان دانیشتبوون. |
«لەبەرچاویان باروخم ڕاسپارد و گوتم: |
”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت: ئەم گرێبەستانە هەڵبگرە، گرێبەستە مۆرکراوەکەی کڕین و ئەم لەبەرگیراوەیەی گرێبەستەکە لەناو گۆزەیەکی گڵین دابنێ، تاوەکو بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە، |
چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: جارێکی دیکە دیسان لەم خاکەدا خانوو و کێڵگە و ڕەز دەکڕدرێتەوە.“ |
«دوای ئەوەی گرێبەستەکەی کڕینم دایە باروخی کوڕی نێرییا، نوێژم بۆ یەزدان کرد و گوتم: |
«ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا تۆ بە توانای مەزن و دەستی بەهێزەوە ئاسمان و زەویت دروستکردووە و هیچ شتێک لەلای تۆ قورس نییە. |
خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران بەدەردەخەیت، بەڵام تۆ سزای کوڕ دەدەیت لەسەر ئەو تاوانەی باوکی لەپێش ئەو کردوویەتی. ئەی خودای گەورە و پاڵەوان، ئەوەی ناوت یەزدانی سوپاسالارە، |
لە پلاندانان مەزنی، لە کارکردندا بە توانای، چاوەکانت لەسەر هەموو ڕەفتارەکانی ئادەمیزاد کراوەن، هەتا هەریەکە و پاداشتی شایستەی ڕەفتار و کردەوەکانی بدەیتەوە. |
تۆ نیشانە و پەرجووەکانت لە خاکی میسردا نواند، بەردەوام هەتا ئەمڕۆش لە ئیسرائیل و لەنێو هەموو مرۆڤایەتیدا دەیاننوێنیت، بەمەش ناوێکت بەدەستهێناوە کە هێشتا ماوە. |
بە نیشانە و پەرجوو، بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە ترسێکی گەورەوە، ئیسرائیلی گەلی خۆتت لە خاکی میسر دەرهێنا. |
ئەم خاکەت پێدان کە سوێندت خواردبوو بیدەیتە باوباپیرانیان، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. |
جا هاتن و بوونە خاوەنی، بەڵام گوێیان لە تۆ نەگرت، فێرکردنی تۆیان پەیڕەو نەکرد، ئەوانەیان نەکرد کە تۆ فەرمانت پێکردن بیانکەن. جا هەموو ئەم خراپەیەت بەسەریاندا هێنا. |
«ئەوەتا مەتەرێز بۆ دەست بەسەرداگرتنی شارەکە لێدراوە. شارەکە بەهۆی شمشێر و قاتوقڕی و دەردەوە ڕادەستی بابلییەکان دەکرێت کە لە دژی دەجەنگن. هەروەک دەیبینیت، ئەوەی تۆ فەرمووت ڕوویدا. |
ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خۆت پێت فەرمووم:”بە شایەتی چەند شایەتێک کێڵگەکە بە زیو بۆ خۆت بکڕە،“کەچی شارەکەت داوەتە دەست بابلییەکان.» |
ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: |
«من یەزدانم، خودای هەموو ئادەمیزاد، ئایا هیچ شتێک هەیە بۆ من قورس بێت؟ |
لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە بدەمە دەست بابلییەکان و دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و بیگرێت. |
جا بابلییەکان کە لە دژی ئەو شارە دەجەنگن، دێنە ناوی بە ئاگر گڕی تێبەردەدەن، ئەو ماڵانەش دەسووتێنن کە لە سەربانەکانیان بخووریان بۆ بەعل سووتاند و شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەشی خوداوەندەکانی دیکە کرد بۆ ئەوەی پەستم بکەن.» |
یەزدان دەفەرموێت: «نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا هەر لە گەنجیێتییانەوە تەنها خراپەیان لەبەرچاوم کردووە، چونکە نەوەی ئیسرائیل بە دروستکراوەکانی دەستیان تەنها پەستیان کردم. |
لەو ڕۆژەوەی ئەم شارەیان بنیاد ناوە هەتا ئەمڕۆ، بۆ من بووەتە مایەی تووڕەبوون و هەڵچوونم، کە دەبێت لەبەردەمم ڕایماڵم. |
نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پەستیان کردم، بە هەموو ئەو خراپانەی کردیان، ئەوان و پاشا و سەرکردە و کاهین و پێغەمبەرەکانیان، پیاوانی یەهودا و خەڵکی ئۆرشەلیم. |
جا پشتیان تێکردم نەک ڕوو، لە کاتێکدا من بەردەوام فێرم دەکردن، بەڵام نە گوێیانگرت و نە تەمبێ بوون. |
بەڵکو بتە قێزەونەکانیان لەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە و گڵاویان کرد. |
هەروەها نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، کە لە دۆڵی بەنهینۆمە، تاوەکو کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی بۆ مۆلەخ بسووتێنن، ئەو شتە قێزەونانەیان کرد و وایانکرد یەهودا گوناه بکات، کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بە خەیاڵیشمدا هاتووە. |
«ئێوە دەربارەی ئەو شارە دەڵێن:”بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دراوەتە دەست پاشای بابل.“بەڵام یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: |
ئەوەتا من کۆیان دەکەمەوە، لە هەموو ئەو خاکانەی کە بە تووڕەیی و هەڵچوونمەوە و بە پەستییەکی مەزنەوە دەرمکردن بۆیان، دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە و بە ئاسوودەیی نیشتەجێیان دەکەم. |
ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. |
یەک دڵ و یەک ڕێبازیان پێدەدەم، بۆ ئەوەی هەردەم لێم بترسن، بۆ چاکەی خۆیان و چاکەی کوڕەکانیان لەپاش خۆیان. |
پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم، کە خۆمیان لێ نەکێشمەوە و بەردەوام چاکەیان لەگەڵدا بکەم، ترسی خۆم بخەمە دڵیان، بۆ ئەوەی لێم لانەدەن. |
پێیان شاد دەبم کە چاکەیان لەگەڵدا بکەم، بە دڵنیاییەوە، بە هەموو دڵم و لە ناخمەوە، لەم خاکەدا دەیانڕوێنم. |
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: هەروەک هەموو ئەم خراپە گەورانەم بەسەر ئەم گەلەدا هێنا، ئاواش من هەموو ئەو چاکەیەیان بەسەردا دەهێنم کە بەڵێنم پێیان دا. |
جا کێڵگە دەکڕدرێتەوە لەم خاکەی کە دەڵێن:”وێرانە، نە مرۆڤ و نە ئاژەڵی تێدا نییە، دراوەتە دەست بابلییەکان.“ |
بە شایەتی چەند شایەتێک بە زیو کێڵگە دەکڕن، گرێبەست لە کاغەزێک دەنووسن و مۆری دەکەن، لە خاکی بنیامین و دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان، لە زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |