لە ساڵی حەوتەمی پاشایەتی یێهو، یۆئاش بوو بە پاشا و چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی چیڤیا بوو، خەڵکی بیری شابەع بوو. |
یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە هەموو ئەو ماوەیەی کە یەهۆیاداعی کاهین فێری دەکرد. |
بەڵام نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. |
یۆئاش بە کاهینەکانی گوت: «هەموو زیوە پیرۆزکراوەکانی هاتووەتە ناو پەرستگای یەزدان، زیوی داهاتەکان و زیوە نەزرکراوەکان و زیوە بەخشراوەکان کۆبکەنەوە. |
با هەر کاهینێک لە یەکێک لە خەزنەدارەکان زیو وەربگرێت، هەر داڕووخاوییەکیان لە پەرستگا بینییەوە چاکی بکەنەوە.» |
بەڵام لە ساڵی بیست و سێیەمی یۆئاشی پاشا هێشتا کاهینەکان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکەیان چاک نەکردبووەوە. |
لەبەر ئەوە یۆئاشی پاشا یەهۆیاداعی کاهین و کاهینەکانی دیکەی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی داڕووخاوی پەرستگاکەتان چاک نەکردووەتەوە؟ ئێستاش بۆ پێداویستییەکانی خۆتان زیو لە خەزنەدارەکان وەرمەگرن، بەڵکو دایبنێن بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە.» |
ئینجا کاهینەکان ڕازی بوون لەسەر ئەوەی زیو لە گەل وەرنەگرن و خۆشیان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە چاکنەکەنەوە. |
ئینجا یەهۆیاداعی کاهین سندوقێکی هێنا و کونێکی لە سەرەکەی کرد و لە نزیک قوربانگاکە داینا، لەلای ڕاستی شوێنی هاتنە ژوورەوەی خەڵکەکە بۆ ناو پەرستگای یەزدان. کاهینەکانیش ئەوانەی چاودێری دەروازەکەیان دەکرد، هەموو ئەو زیوەی هاتبووە پەرستگای یەزدانەوە تێیدا دایاننا. |
ئەوە بوو کاتێک بینییان زیوەکە لە سندوقەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی پاشا و سەرۆک کاهین سەرکەوتن و ئەو زیوەی لە پەرستگای یەزدان بوو ژماردیان و لە کیسەیان کرد. |
ئینجا زیوە ژمێردراوەکەیان دایە دەست ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش خەرجیان کرد بۆ ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد: دارتاش، بیناساز، |
بەنا، نەقاڕەکان. هەروەها بۆ کڕینی دار و بەردی بڕاو بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوی پەرستگای یەزدان و بۆ هەموو ئەوەی خەرج دەکرێت لە نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە. |
بەڵام بۆ پەرستگای یەزدان تەشتی زیو، مەقەست، تاس و کەڕەنا دروستنەکران، نە هیچ کەلوپەلێکی زێڕ و زیو، لەو زیوەی هاتبووە ناو پەرستگای یەزدانەوە. |
بەڵکو درانە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان و پەرستگای یەزدانیان پێ چاکدەکردەوە. |
لەو پیاوانەشیان نەدەکۆڵییەوە کە زیوەکەیان دەدانە دەست هەتا بیدەنە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان، چونکە بە دەستپاکییەوە کاریان دەکرد. |
بەڵام زیوی قوربانی تاوان و زیوی قوربانی گوناه، نەخرایە ناو پەرستگای یەزدانەوە، بەڵکو بۆ کاهینەکان بوو. |
لەو کاتە حەزائێلی پاشای ئارام چوو هێرشی کردە سەر گەت و گرتی. ئینجا ڕووی لە ئۆرشەلیم کرد هەتا هێرشی بکاتە سەر. |
یۆئاشی پاشای یەهوداش هەموو شتە تەرخانکراوەکانی یەهۆشافات و یەهۆرام و ئەحەزیای باوباپیرانی، پاشایانی یەهودا، لەگەڵ شتە پیرۆزکراوەکانی خۆی و هەموو زێڕی ناو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای برد و ناردنی بۆ حەزائێلی پاشای ئارام، ئەویش لە ئۆرشەلیم کشایەوە. |
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆئاش و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. |
پاشان کاربەدەستەکانی هەستان و پیلانێکیان گێڕا، لە بێتمیلۆ کە لەسەر ڕێگای سیڵایە یۆئاشیان کوشت. |
هەردوو خزمەتکارەکەی، یۆزاڤادی کوڕی شیمەعات و یەهۆزاڤادی کوڕی شۆمێر لێیاندا. یۆئاش کوژرا و لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. |