نوێژێکی موسای پیاوی خودا. ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە تۆ پەناگامان بوویت. |
بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن، یان زەوی و جیهان دروستببن، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت. |
تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز، دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.» |
لەلای تۆ، هەزار ساڵ وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە، وەک بەشێکی شەو وایە. |
مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت، وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە، |
سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە، بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت. |
بە هەڵچوونی تۆ لەناوچووین، بە تووڕەیی تۆ تۆقین. |
گوناهەکانی ئێمەت لەبەردەمی خۆت داناوە، شتە شاراوەکانمان لەبەر ڕووناکی ڕوخسارت. |
هەموو ڕۆژگارمان بە تووڕەیی تۆ بەسەرچوو، ساڵانی تەمەنمان وەک هەناسەیەک بەسەربرد. |
ساڵانی تەمەنمان حەفتا ساڵە، یان هەشتا ساڵ ئەگەر بە هێزەوە بێت، ئەوەی مایەی شانازیش بێت ڕەنج و ناخۆشییە، چونکە بە پەلە دەڕەوێتەوە و ئێمە باڵدەگرین. |
کێ هێزی تووڕەیی تۆ دەزانێت؟ لەبەر ئەوەی تووڕەیی تۆ ترسێکی زۆر دەهێنێ. |
ئیتر فێرمان بکە ڕۆژانمان بژمێرین، بۆ ئەوەی دڵێکی پڕ داناییمان هەبێت. |
ئەی یەزدان، تووڕەییەکەت دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟ لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە. |
سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە، تاکو هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین. |
دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین، ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی. |
کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە، شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان. |
با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت، کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە، بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە. |