بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدان. ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. گوتی: ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی. |
یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە، خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە. |
لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم، |
چونکە پەتی مەرگ شەتەکی داوم، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم، |
پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە. (Sheol h7585) |
لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، هاوارم گەیشتە بەرگوێی. |
ئینجا زەوی لەرزی و هەژا، بناغەی چیاکانیش ڕاژەنین، لە تووڕەیی ئەو لەرزین. |
دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە، ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە، وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو. |
ئاسمانی شەق کرد و دابەزییە خوارەوە، هەوری تاریک لەژێر پێی بوو. |
سواری کەڕوب بوو و فڕی، بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە. |
بە تاریکی خۆی داپۆشی و کردییە خێوەت لە دەوری خۆی، هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمانی کردە چەتری خۆی. |
لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو هەورەکان بەرەو پێش چوون، تەرزە و پشکۆی ئاگریان لێ هاتە دەرەوە. |
یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی، ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە. |
تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد، بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن. |
ئەی یەزدان، بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی تۆ، لە گەرمی هەناسەی لووتی تۆ. |
لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت، لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام. |
لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم، لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون. |
لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم، بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو. |
منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین، ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم. |
یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم، |
چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر، لە خودای خۆم یاخی نەبووم. |
هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان، لە فەرزەکانی لام نەداوە. |
لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە. |
یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی. |
لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت، |
لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت. |
تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت. |
ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت، خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە. |
بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم. |
ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن. |
لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟ |
خودایە ئەوەی کەمەری منی توند بەستووە، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە. |
پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات، لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت. |
مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ، تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە. |
قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم، بە دەستی ڕاستت پشتم دەگریت، هاوکاریت گەورەم دەکات. |
جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت، تاکو پێم نەخلیسکێت. |
دوژمنەکانم ڕاونا و پێشم لێ گرتن، هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە. |
وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە، لەژێر پێم کەوتن. |
کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ، وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن. |
دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد، من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد. |
هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو، هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو. |
وەک تۆزی بەر با منیان هاڕی، وەک قوڕی سەر ڕێگا پێشێلم کردن. |
لە هێرشی گەل ڕزگارت کردم، تۆ منت کرد بە سەرۆکی نەتەوەکان، گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن. |
هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن، بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن. |
بێگانەکان ورە بەر دەدەن و بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە. |
یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم! خودای ڕزگارکەرم پایەبەرزە! |
خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، گەلان دەخاتە ژێر ڕکێفم، |
لە دوژمنەکانم ڕزگاری کردم. پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم، لە دەست کەسە توندوتیژەکان ڕزگارت کردم. |
لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم. |
سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت، خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت، بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە. |