بەدکار بێ ئەوەی کەس ڕاوی بنێت هەڵدێت، بەڵام ڕاستودروست وەک بەچکە شێر چاونەترسە. |
کە یاخیبوون لە خاکێک هەبێت میری زۆر دەبێت، بەڵام فەرمانڕەوایەکی تێگەیشتوو و زانا نیشتیمان بەرقەرار دەکات. |
ئەو سەرکردەیەی هەژاران بچەوسێنێتەوە، وەک بارانێکی بەخوڕە هیچ خۆراکێک ناهێڵێتەوە. |
ئەوانەی واز لە تەورات دەهێنن ستایشی بەدکار دەکەن، بەڵام پارێزەرانی تەورات دژایەتییان دەکەن. |
پیاوخراپان لە دادپەروەری تێناگەن، بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن تەواو تێدەگەن. |
باشترە هەژار ڕێگای تەواوەتی گرتبێت، لە دەوڵەمەند کە ڕێگاکان خواردەکاتەوە. |
ئەوەی تەورات بپارێزێت کوڕێکی تێگەیشتووە، بەڵام هاوڕێی دەستبڵاوان باوکی خۆی ڕیسوا دەکات. |
ئەوەی بە سوو و بازاڕگرانکردن سامانی خۆی زۆر بکات، بۆ یەکێکی کۆدەکاتەوە کە بەزەیی بە نەداران دێتەوە. |
ئەوەی گوێی دابخات لە بیستنی فێرکردنەکەم، تەنانەت نوێژەکەشی قێزەونە. |
ئەوەی سەرڕاستان بەرەو ڕێگای خراپە ببات، دەکەوێتە ئەو چاڵەوە کە خۆی هەڵیکەندووە، بەڵام ئەوانەی کە بێ کەموکوڕین میراتی باشیان بەردەکەوێت. |
دەوڵەمەند لەبەرچاوی خۆی دانایە، بەڵام هەژاری تێگەیشتوو دەیپشکنێت. |
لە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شانازییەکی گەورە هەیە، بەڵام لە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە. |
ئەوەی گوناهەکانی خۆی بشارێتەوە سەرناکەوێت، بەڵام دانپێدانەر و وازلێهێنەر بەر بەزەیی دەکەوێت. |
خۆزگە دەخوازرێ بە کەسێک بەردەوام لە یەزدان بترسێت، بەڵام ئەوەی دڵی خۆی ڕەق بکات دەکەوێتە خراپەوە. |
وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ و ورچێکی هەڵچووە، فەرمانڕەوای بەدکار بەسەر گەلی نەدارەوە. |
فەرمانڕەوای ناتێگەیشتوو زۆرداری زۆر دەکات، بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەستکەوتی ناڕەوا بێت تەمەن درێژ دەبێت. |
ئەوەی خوێنی کەسێکی لە مل بێت هەتا ڕۆژی مردنی هەڵاتوو دەبێت. با کەس پشتیوانی نەکات. |
ئەوەی بە ڕێگای تەواویدا بڕوات ڕزگار دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕێگاکانی خوار بکات لەپڕ دەکەوێت. |
ئەوەی خزمەتی زەوی خۆی بکات تێر نان دەبێت، بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێر هەژاری دەبێت. |
کەسی دڵسۆز بەرەکەتی زۆرە، بەڵام ئەوەی بە پەلە بێت بۆ دەوڵەمەندی بێ سزا نابێت. |
لایەنگری باش نییە، بەڵام مرۆڤ بۆ لەتە نانێک گوناه دەکات. |
کەسی بەرچاوتەنگ بە پەلەیە بۆ دەوڵەمەندی، بەڵام نازانێت نەبوونی بۆ دێت. |
ئەوەی کەسێک سەرزەنشت بکات لە کۆتاییدا پەسەندتر دەبێت لەوەی زمانلووسی دەکات. |
ئەوەی دایک و باوکی تاڵان بکات و بڵێت: «ئەمە گوناه نییە!» ئەو کەسە هاوبەشی کاولکارانە. |
چاوبرسی ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن سەرکەوتوو دەبن. |
ئەوەی پشت بە بیرکردنەوەی خۆی ببەستێت گێلە، بەڵام ئەوەی بە ڕێگای داناییدا بڕوات دەرباز دەبێت. |
ئەوەی بە هەژار ببەخشێت نەبوون نابێت، بەڵام ئەوەی ڕووی لێ وەرگێڕێت نەفرەتی زۆر دەبێت. |
بە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە، بەڵام بە لەناوچوونیان ڕاستودروستان سەردەکەون. |