کوڕی دانا تەمبێکردنی باوکی وەردەگرێت، بەڵام گاڵتەجاڕ گوێ لە سەرزەنشت ناگرێت. |
مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی چاکە دەخوات، ناپاکانیش ئارەزوویان توندوتیژییە. |
ئەوەی ئاگای لە دەمی بێت گیانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام ئەوەی زمان درێژی دەکات لەناودەچێت. |
گیانی تەمبەڵ ئارەزوو دەکات و هیچی دەست ناکەوێت، بەڵام گیانی تێکۆشەر سەرکەوتوو دەبێت. |
کەسی ڕاستودروست ڕقی لە قسەی درۆیە، بەدکاریش ڕیسوایی و شەرمەزاری دەهێنێت. |
ڕاستودروستی ئەو کەسە دەپارێزیت کە ڕێگای ڕاستە، خراپەش گوناهبار سەرەوژێر دەکات. |
هەیە خۆی بە دەوڵەمەند دەردەخات و هیچی نییە، هەشە خۆی بە هەژار دەردەخات و سامانی زۆری هەیە. |
لەوانەیە مرۆڤ بە سامانەکەی گیانی خۆی بکڕێتەوە، بەڵام هەژار گوێی لە هەڕەشە نابێت. |
ڕووناکی ڕاستودروستان دەگەشێتەوە، بەڵام چرای بەدکاران دەکوژێتەوە. |
لە لووتبەرزییەوە تەنها ناکۆکی پەیدادەبێت، بەڵام لەگەڵ ڕاوێژکاران دانایی. |
ماڵێک بە ناپاکی پەیداکرابێت، کەم دەکات، بەڵام ئەوەی بە کاری دەست کۆدەبێتەوە، زیاد دەکات. |
ئومێدی درێژکراوە دڵ نەخۆش دەکات، ئارەزووی بەدیهاتووش درەختی ژیانە. |
ئەوەی سووکایەتی بە فێرکردنەکە بکات خۆی لەناودەبات، بەڵام ئەوەی ڕێزی بۆ ڕاسپاردەکە هەبێت پاداشتی دەدرێتەوە. |
فێرکردنەکانی دانا کانی ژیانە، بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن. |
تێگەیشتنی باش پەسەندی بەدەستدەهێنێت، بەڵام ڕێگای ناپاکان سەختە. |
هەموو کەسێکی ژیر بە زانیارییەوە کار دەکات، بەڵام نەزان گێلایەتی بڵاو دەکاتەوە. |
نێردراوی بەدکار دەکەوێتە خراپەوە، پەیامبەری دەستپاکیش چاکبوونەوە دەهێنێت. |
هەژاری و ڕیسوایی بۆ ئەوانەیە تەمبێکردن بەلاوە دەنێن، بەڵام ئەوەی سەرزەنشت لەگوێدەگرێت ڕێزدار دەبێت. |
ئارەزووی بەدیهاتوو خۆشییە بۆ گیان، بەڵام گێل وا دەزانێت کە لادان لە خراپە شتێکی قێزەونە. |
ئەوەی لەگەڵ دانایان دەڕوات دەبێتە دانا، هاوڕێی گێلەکانیش زیانی پێدەگات. |
خراپە دوای گوناهباران دەکەوێت، بەڵام ڕاستودروستان بە چاکە پاداشت دەدرێنەوە. |
پیاوچاک میرات بۆ نەوەکانی بەجێدەهێڵێت، سامانی گوناهبارانیش بۆ ڕاستودروست هەڵدەگیردرێت. |
لەوانەیە زەویی بەیاری هەژاران خواردنی زۆری تێدابێت، بەڵام لەبەر نادادپەروەری دەبردرێت. |
ئەوەی ڕێگا لە کوتەک بگرێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی، بەڵام ئەوەی خۆشیبوێت گرنگی بە تەمبێکردنی دەدات. |
کەسی ڕاستودروست دەخوات و تێر دەبێت، بەڵام سکی بەدکاران هەر برسی دەبێت. |