ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: |
«هەستە و بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، لەوێ پەیامی خۆمت پێ ڕادەگەیەنم.» |
منیش بەرەو خوارەوە چووم بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، بینیم لەسەر چەرخەکە کار دەکات. |
بەڵام ئەو دەفرەی گۆزەکەرەکە لە گڵ دروستی دەکرد، تێکچوو، جا دووبارە کردییەوە بە دەفرێکی دیکە، بەو شێوەیەی گۆزەکەرەکە پێی باش بوو. |
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: |
«ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا من ناتوانم وەک ئەم گۆزەکەرەتان لەگەڵ بکەم؟ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە لەناو دەستی منن هەروەک گڵ لەناو دەستی گۆزەکەر. |
ئەگەر هەر کاتێک لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی ڕیشەکێشکردن و بەزەوی دادان و لەناوبردنم کردبێت، |
ئەو نەتەوەیەی کە لەبارەیەوە دواوم، لە خراپەکەی تۆبە دەکات، ئینجا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بەتەمابووم تووشی بکەم. |
ئەگەر هەر کاتێکیش لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی بنیادنان و چاندن بکەم، |
بەڵام لەبەرچاوم خراپە بکات و گوێڕایەڵی من نەبێت، ئەوا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو چاکەیەی کە فەرمووم بۆی بکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
«ئێستاش بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ:”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! من بەڵایەکتان بۆ ئامادە دەکەم و پیلانێک لە دژی ئێوە دادەڕێژم. جا لەبەر ئەوە بگەڕێنەوە، هەرکەسە و لە ڕێگا خراپەکانی، ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاک بکەنەوە.“ |
بەڵام گوتیان:”بێ سوودە، چونکە ئێمە دوای بیروڕای خۆمان دەکەوین، هەریەکەمان بەپێی کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی دەکات.“» |
لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لەنێو نەتەوەکان بپرسن: کێ وەک ئەمەی بیستووە؟ بێ تامترین خراپە ئیسرائیلی پاکیزە کردوویەتی. |
ئایا بەفری لوبنان لە لووتکە بەردینەکانی دەبڕێتەوە؟ ئایا ئاوی سازگاری لەبەرڕۆیشتووی وشک دەبێت؟ |
بەڵام گەلەکەم منی لەیاد کردووە، بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووە، کۆسپ و تەگەرەیان خستە بەردەم ڕێگاکانیان و ڕێچکە کۆنەکان، تاکو بە لاڕێکان و ڕێگا خۆش نەکراوەکاندا بڕۆن. |
بۆ ئەوەی خاکەکەیان وێران بێت، بۆ هەتاهەتایە ببێتە جێگای تانە و تەشەر، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام بێت و سەر بلەقێنێت. |
وەک بای ڕۆژهەڵات لەبەردەم دوژمن پەرتیان دەکەم، لە ڕۆژی کارەساتیان پشتیان تێدەکەم، نەک ڕوو.» |
ئینجا ناحەزانم گوتیان: «وەرن، با پیلانێک لە یەرمیا بگێڕین، چونکە فێرکردن لە کاهین و ڕاوێژ لە دانا و پەیام لە پێغەمبەر نابڕێتەوە. وەرن با بە زمانمان لێی بدەین و گوێ لە هیچ وشەیەکی نەگرین.» |
ئەی یەزدان، گوێم لێ بگرە، گوێ لە دەنگی ناحەزانم بگرە. |
ئایا پاداشتی چاکە بە خراپە دەدرێتەوە؟ بەڵام چاڵێکیان بۆم هەڵکەندووە. بەبیرت بێتەوە وەستانم لەبەردەمت، بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەوان بپاڕێمەوە، تاکو تووڕەییت لێیان بگێڕمەوە. |
لەبەر ئەوە کوڕەکانیان بدە دەست قاتوقڕی، بیاندە دەست شمشێر، با ژنەکانیان جەرگسووتاو و بێوەژن بن، پیاوەکانیشیان بمرن، گەنجەکانیان لە جەنگ بە شمشێر بکوژرێن. |
با هاوار لە ماڵەکانیانەوە ببیسترێت، کاتێک لەپڕ چەتەیان بەسەردا دەدەیت، چونکە چاڵیان هەڵکەند بۆ گرتنم، تەڵەیان بۆ پێم نایەوە. |
بەڵام ئەی یەزدان، تۆ لە هەموو تەگبیرەکانیان بۆ کوشتنی من ئاگاداربووی. لە تاوانیان خۆش مەبە و گوناهەکەیان لەبەرچاوت مەسڕەوە. با لەبەردەمت تێکبشکێن، لە کاتی تووڕەبوونت سزایان بدە. |