هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین. |
لە ڕابردوودا کاتێک شاول پاشامان بوو، تۆ ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانیش پێی فەرموویت:”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“» |
هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودی پاشاش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد. |
داود تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل ساڵ پاشایەتی کرد. |
حەوت ساڵ و شەش مانگ لە حەبرۆن پاشایەتی یەهودای کرد، سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیل و یەهودای کرد. |
پاشا و پیاوەکانی چوونە ئۆرشەلیم بۆ شەڕکردن لە دژی یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکە. ئەوانیش بە داودیان گوت: «تۆ نایەیتە ژوورەوە بۆ ئێرە، تەنانەت نابینا و شەلەکان ڕێگات لێ دەگرن.» وا بیریان کردەوە: «داود ناتوانێت بێت بۆ ئێرە.» |
بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا گرت، کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە. |
جا لەو ڕۆژەدا داود گوتی: «هەرکەسێک سەربکەوێت بۆ بەزاندنی یەبوسییەکان، دەبێت بگاتە کارێزەکە و ئەو شەل و کوێرانە بکوژێت کە ناحەزی داودن.» هەر لەبەر ئەوە دەڵێن: «”نابینا و شەل“نایەنە ناو کۆشکەکەوە.» |
پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، ناوی لێنا شاری داود، چواردەورەکەی بنیاد نا، لە تەلانەکانەوە بەرەو ناوەوە. |
هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالاریش لەگەڵی بوو. |
پاشان حیرامی پاشای هەرێمی سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و دارتاش و نەقاڕ، کۆشکێکیان بۆ داود دروستکرد. |
ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا پایەدار کردووە. |
هەروەها داود پاش ئەوەی لە حەبرۆنەوە هاتە ئۆرشەلیم چەند کەنیزە و ژنێکی دیکەی هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون. |
ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان، |
ئیڤحار، ئەلیشوع، نەفەگ، یافیع، |
ئەلیشاماع، ئەلیاداع و ئەلیفەلەت. |
کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کراوە، هەموویان هاتن بۆ ئەوەی بەدوای داوددا بگەڕێن، بەڵام داود ئەمەی بیستەوە و دابەزی بۆ ناو قەڵاکە. |
فەلەستییەکان هاتبوون و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو ببوونەوە. |
داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟» یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، چونکە بێگومان دەیاندەمە دەستت.» |
داود چوو بۆ بەعلپراچیم و لەوێ ئەوانی بەزاند و گوتی: «یەزدان دڕی بە دوژمنەکانم دا، وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعلپراچیم ناو برا. |
هەروەها فەلەستییەکان لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت، داود و پیاوەکانیشی لایان بردن. |
ئینجا دووبارە فەلەستییەکان سەرکەوتنەوە و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو بوونەوە. |
داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد، ئەویش فەرمووی: «سەرمەکەوە، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە. |
کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وریابە، چونکە یەزدان بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.» |
داودیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد ئاوای کرد، لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە فەلەستییەکانی دا. |