کاتێک یاقوب زانی کە لە میسر گەنم هەیە، بە کوڕەکانی خۆی گوت: «بۆ سەیری یەکتری دەکەن؟» |
گوتی: «بیستوومە لە میسر گەنم هەیە. بڕۆن و لەوێ بۆمان بکڕن، بۆ ئەوەی بژین و نەمرین.» |
ئیتر دە برای یوسف بەرەو خوار چوون بۆ کڕینی گەنم لە میسر. |
بەڵام یاقوب بنیامینی برای یوسفی لەگەڵ براکانی نەنارد، چونکە گوتی نەوەک تووشی بەڵایەک بێت. |
ئیتر کوڕانی ئیسرائیل هاتن بۆ کڕینی گەنم لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە دەهاتن، چونکە لە خاکی کەنعان قاتوقڕی هەبوو. |
یوسف خۆی دەسەڵاتداری خاکی میسر بوو، هەر خۆشی گەنمی بە هەموو گەل دەفرۆشت. بۆیە کاتێک براکانی یوسف گەیشتنە میسر، کڕنۆشیان بۆ برد و سەریان خستە سەر زەوی. |
هەرکە یوسف تەماشای براکانی کرد، یەکسەر ئەوانی ناسییەوە، بەڵام خۆی لێ گۆڕین و بە ڕەقی قسەی لەگەڵ کردن و لێی پرسین: «لەکوێوە هاتوون؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لە خاکی کەنعانەوە بۆ خۆراک کڕین.» |
هەرچەندە یوسف براکانی خۆی ناسییەوە، بەڵام ئەوان ئەمیان نەناسییەوە. |
ئینجا یوسف ئەو خەونانەی هاتەوە یاد کە بە ئەوانییەوەی بینیبوو، پێی گوتن: «ئێوە سیخوڕن! بۆ ئەوە هاتوون تاکو خاڵی لاوازی خاکەکە ببینن.» |
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «نەخێر گەورەم، بەڵکو خزمەتکارەکانت بۆ ئەوە هاتوون خۆراک بکڕن. |
ئێمە هەموومان کوڕی پیاوێکین، کەسانێکی سەرڕاستین، خزمەتکارەکانت سیخوڕ نین.» |
ئەویش پێی گوتن: «نەخێر، بەڵکو هاتوون تاکو خاڵی لاوازی خاکەکە ببینن.» |
بەڵام ئەوان گوتیان: «خزمەتکارەکانت دوازدە بران. ئێمە کوڕی پیاوێکین لە خاکی کەنعان. ئەمڕۆ بچووکەکەمان لەلای باوکمانە، یەکێکیشمان بێ سەروشوێنە.» |
یوسفیش پێی گوتن: «ئەوەیە کە پێم گوتن، ئێوە سیخوڕن. |
بەمە تاقی دەکرێنەوە: بە گیانی فیرعەون، لێرە ناچنە دەرەوە هەتا برا بچووکەکەتان نەیەت بۆ ئێرە. |
یەکێک لە خۆتان بنێرن تاکو براکەتان بهێنێت. ئێوەش لێرە بەند دەکرێن بۆ ئەوەی قسەکەتان تاقی بکرێتەوە و بزانرێت ئاخۆ ڕاستتان گوتووە. ئەگەر نا، ئەوا بە گیانی فیرعەون ئێوە سیخوڕن.» |
ئیتر هەموویانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ زیندانی کرد. |
لە ڕۆژی سێیەم یوسف پێی گوتن: «ئەمە بکەن و بژین، من کەسێکی لەخواترسم. |
ئەگەر ئێوە سەرڕاستن، با یەکێک لە براکانتان لێرە زیندانی بکرێت و ئەوانی دیکەشتان بڕۆن و گەنم ببەنەوە بۆ ماڵ و خێزانە برسییەکانتان. |
بەڵام دەبێت برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن، ئینجا ڕاستی قسەکانتان دەردەکەوێت و نامرن.» ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد. |
بە یەکتریشیان گوت: «بەڕاستی ئێمە بەهۆی براکەمانەوەیە وا ئێستا سزا دەدرێین. کاتێک لێمان پاڕایەوە بینیمان چەند پەرێشان بوو، بەڵام گوێمان لێی نەگرت، لەبەر ئەوەشە ئەم تەنگانەیەمان بەسەرهاتووە.» |
ڕەئوبێنیش وەڵامی دانەوە: «ئەی پێم نەگوتن گوناه بەرامبەر بەو کوڕە مەکەن؟ بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت! ئێستا داوای خوێنەکەی دەکرێت.» |
ئەوان نەیاندەزانی کە یوسف لە قسەکانیان تێدەگات، چونکە لە ڕێگەی وەرگێڕەوە قسەی لەگەڵ دەکردن. |
ئیتر لێیان جیا بووەوە و دەستی بە گریان کرد، بەڵام دوای ئەوە گەڕایەوە لایان و کەوتەوە قسەکردن لەگەڵیان. ئینجا شیمۆنی لێسەندن و لەپێش چاویان بەستییەوە. |
دوای ئەوە یوسف فەرمانی دا جەواڵەکانیان پڕ بکرێت لە گەنم و زیوی هەریەکەشیان بخرێتەوە هەگبەکەی خۆی و ئازووقەشیان پێبدرێت بۆ ڕێگا. ئیتر وایان بۆ کرا. |
گەنمەکەیان لە گوێدرێژەکانیان بارکرد و لەوێ ڕۆیشتن. |
لەو شوێنەی بۆ مانەوەی شەو لێی ڕاوەستان، یەکێکیان هەگبەکەی خۆی کردەوە بۆ ئەوەی ئالیک بداتە گوێدرێژەکەی، بینی زیوەکەی وا لە دەمی هەگبەکەیەتی. |
بە براکانی خۆی گوت: «زیوەکەم بۆ گەڕێنراوەتەوە، وا لە هەگبەکەمدایە.» ئەوانیش دڵەکوتێیان تێکەوت و بە ترس و لەرزەوە بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە خودا بە ئێمەی کردووە؟» |
ئینجا هاتنە لای یاقوبی باوکیان لە خاکی کەنعان، هەرچییەکیان بەسەرهاتبوو بۆیان گێڕایەوە و گوتیان: |
«ئەو پیاوەی گەورەی خاکەکەیە بە ڕەقییەوە قسەی لەگەڵ کردین و وای دەزانی ئێمە سیخوڕیی بەسەر خاکەکەوە دەکەین. |
بەڵام ئێمە پێمان گوت:”ئێمە سەرڕاستین و سیخوڕ نین. |
ئێمە دوازدە برای کوڕی باوکێکین. یەکێکمان نەماوە و بچووکەکەشمان ئەمڕۆ لەلای باوکمانە لە خاکی کەنعان.“ |
«ئەو پیاوەش کە گەورەی خاکەکەیە پێی گوتین:”بەمەدا دەزانم ئێوە سەرڕاستن: با یەکێک لە براکانتان لەلای من بمێنێتەوە و ئەوەی بۆ ماڵ و خێزانە برسییەکانتان پێویستە بیبەن و بڕۆن. |
ئینجا برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن. ئیتر بەوەدا دەزانم کە ئێوە سیخوڕ نین و کەسانێکی سەرڕاستن. ئەو کات براکەتان پێدەدەمەوە و دەشتوانن لە خاکەکەدا بازرگانی بکەن.“» |
کاتێک هەگبەکانیان بەتاڵ دەکرد، کیسەی زیوی هەریەکەیان لە هەگبەکەی خۆیدا بوو! ئیتر خۆیان و باوکیان کە کیسەی زیوەکانیان بینی، ترسیان لێ نیشت. |
یاقوبی باوکیشیان پێی گوتن: «منتان لە منداڵەکانم بێبەش کرد. یوسف نەما و شیمۆنیش نەما، ئێستاش بنیامین دەبەن. هەمووی بەسەر مندا شکاوەتەوە.» |
ڕەئوبێن بە باوکی گوت: «ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە هەردوو کوڕەکەم بکوژە. بیدە دەستی من، خۆم بۆتی دەهێنمەوە.» |
بەڵام یاقوب گوتی: «کوڕی من لەگەڵ ئێوە نایەت، چونکە براکەی مردووە و ئەویش بە تەنها ماوەتەوە. ئەگەر لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن تووشی شتێک بێت، ئەوا سەری سپیم بە خەمەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.» (Sheol h7585) |