قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەی پێنج باڵ بوو، قوربانگاکە چوارگۆشە بوو، بەرزییەکەشی سێ باڵ بوو. |
قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بوون، قۆچەکان لە خۆی بوون و بە بڕۆنز ڕووکەشیان کرد. |
هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکەشیان دروستکرد، تەشت و خاکەناز و تاس و چەنگاڵ و مەقەڵییەکان، هەموو قاپوقاچاغەکەیان لە بڕۆنز دروستکرد. |
کەتیبەیەکیشیان بۆ قوربانگاکە دروستکرد، وەک تۆڕێکی بڕۆنز، لەژێر لێوارەکە دایاننا، لە خوارەوە هەتا ناوەڕاست. |
چوار ئەڵقەشیان لە هەر چوار لای کەتیبە بڕۆنزییەکە داڕشت، وەک گیرە بۆ دوو دار. |
دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە بڕۆنز ڕووکەشیان کردن. |
دوو دارەکەیان خستە ناو ئەڵقەکانەوە، لە هەردوو لای قوربانگاکەوە، بۆ ئەوەی بەوان هەڵیبگرن، قوربانگاکەشیان لە تەختە دروستکرد و ناوەکەی بۆش بوو. |
حەوزەکەشیان لە بڕۆنز دروستکرد و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بوو، لە ئاوێنە بڕۆنزییەکانی ئەو ئافرەتە خزمەتکارانەی لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن خزمەتیان دەکرد. |
حەوشەی چادرەکەی پەرستنیشیان لەلای باشوور دروستکرد، پەردەکانی حەوشەکەش لە کەتانی ڕستراو بوون بە درێژی سەد باڵ. |
کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون. |
بەلای باکووریش سەد باڵ، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون. |
بەلای ڕۆژئاواش پەردەکان پەنجا باڵ بوون، کۆڵەکەکانیش دە دانە و بنکەکانیش دە، قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانی لە زیو بوون. |
لەلای ڕۆژهەڵاتیش ڕووەو خۆر هەڵات پەنجا باڵ. |
چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی جێگای چوونە ژوورەوەی حەوشەکە بە درێژی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیش سێ بوون. |
بۆ لایەکەی دیکەی چوونە ژوورەوەی حەوشەکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بوون. |
هەموو پەردەکانی حەوشەکەش بە چواردەوریدا لە کەتانی ڕستراو بوون. |
هەموو بنکەکانی کۆڵەکەکانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپی کۆڵەکە و ئەڵقەکانیان لە زیو بوون، سەرەکانیان بە زیو ڕووکەش کرابوون، هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە ئەڵقەی زیو پێکەوە بەسترابوون. |
پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای حەوشەکە، لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە دەستکردی جۆڵایەک چنرابوو، درێژییەکەی بیست باڵ و بەرزییەکەی بە پانی پێنج باڵ هەروەک پەردەکانی حەوشەکە. |
کۆڵەکەکانیشی چوار و بنکەکانیشی چوار بوون کە ئەوانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپەکانی لە زیو بوون، سەرەکانی ڕووکەش کرابوون، ئەڵقەکانی لە زیو بوون. |
هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە بە چواردەوریدا لە بڕۆنز بوون. |
ئەمەش بڕی کانزاکانی چادرەکەی پەرستنە، چادری پەیمان، بەپێی فەرمانی موسا لەلایەن لێڤییەکان تۆمارکرا، بە سەرپەرشتی ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین. |
بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووریش کە لە هۆزی یەهودایە، هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد جێبەجێی کرد، |
ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماکی لەگەڵ بوو کە لە هۆزی دانە، نەخشێنەر و داهێنەر و جۆڵا لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک. |
هەموو ئەو زێڕەی بەکارهێنرا بۆ هەموو کارەکانی پیرۆزگا، زێڕی بەخشراو بوو وەک قوربانی بەرزکردنەوە، بیست و نۆ تالنت و حەوت سەد و سی شاقل بە شاقلی پیرۆزگا. |
زیوی سەرژمێرکراوەکانی کۆمەڵەکەش، سەد تالنت و هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقل بە شاقلی پیرۆزگا. |
نیوە بۆ هەر سەرێک، نیو شاقل بە شاقلی پیرۆزگا بۆ هەرکەسێک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێر کرابێت، بۆ شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس. |
سەد تالنتیش لە زیوەکە بۆ داڕشتنی بنکەکانی پیرۆزگا و بنکەکانی پەردەکە بەکارهات، سەد بنکە بۆ سەد کێش، کێشێک بۆ بنکەیەک. |
هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقلەکەش قولاپی لێ دروستکرا و سەری کۆڵەکەکانی پێ ڕووکەش کرا، هەروەها ئەڵقەی پێکەوە بەستنی لێ دروستکرا. |
بڕۆنزە بەخشراوەکەش وەک قوربانی بەرزکردنەوە، حەفتا تالنت و دوو هەزار و چوار سەد شاقل بوو، |
بەویش بنکەکانی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکانی قوربانگاکە دروستکران، |
هەروەها بنکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا و بنکەکانی دەروازەی حەوشەکە و هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و هەموو سنگەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا. |