ئاشکراکردنی عیسای مەسیح کە خودا پێیداوە، تاکو ئەو شتانەی دەبێت زوو ڕووبدەن بە بەندەکانی پیشان بدات. خودا لە ڕێگەی ناردنی فریشتەکەیەوە بۆ لای یۆحەنای بەندەی، ئەو شتانەی دەرخست، |
کە شایەتیی دا بۆ هەموو ئەو شتانەی کە بینی، واتە وشەی خودا و شایەتیی عیسای مەسیح. |
خۆزگە دەخوازرێت بەوەی وتەکانی ئەم پێشبینییە دەخوێنێتەوە، هەروەها خۆزگە بەو کەسانەش دەخوازرێت کە دەیبیستن و ئەوەی تێیدا نووسراوە پەیڕەوی دەکەن، چونکە کاتەکە نزیکە. |
لە یۆحەناوە، بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا: با نیعمەت و ئاشتیتان بۆ ببێت لەوەوەی کە هەیە و هەبووە و دێت و لەو حەوت ڕۆحەوەی لەبەردەم تەختەکەیدان، |
هەروەها لە عیسای مەسیحیشەوە کە شایەتیدەری دڵسۆزە، نۆبەرەی هەستانەوەی نێو مردووانە و سەرۆکی پاشاکانی سەر زەوییە. ئەو کە ئێمەی خۆشدەوێت و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان ئازادی کردین و |
ئێمەی کردە شانشین و کاهین بۆ خودای باوکی، هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە! ئامین. (aiōn g165) |
ئەوەتا لەگەڵ هەوردا دێت و هەموو چاوێک دەیبینێت، ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە، هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن. |
یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بەتوانا.» |
من یۆحەنای براتانم، کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا هاوبەشتانم لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن، لە پێناوی پەیامی خودا و شایەتی بۆ عیسا لە دوورگەی پەتمۆس بووم. |
لە ڕۆژی یەزداندا ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی بەرزی وەک کەڕەنا بوو، |
دەیفەرموو: «ئەوەی دەیبینی لە پەڕتووکێک بینووسەوە و بۆ حەوت کڵێساکەی بنێرە، واتە ئەفەسۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلادەلفیا و لاودیکییا.» |
ئاوڕم دایەوە تاکو ئەو دەنگە ببینم کە لەگەڵم دەدوا. کاتێک ئاوڕم دایەوە حەوت چرادانی زێڕینم بینی، |
لەناوەڕاستی چرادانەکاندا یەکێکم وەک کوڕی مرۆڤ بینی، جلێکی شۆڕی لەبەردا بوو هەتا بەرپێی، پشتێنێکی زێڕینی بە سنگییەوە بەستبوو. |
سەر و قژی سپی وەک خوری و وەک بەفر سپی بوون و چاوەکانی وەک گڕی ئاگر بوون. |
پێیەکانی وەک بڕۆنزێکی بریقەدار کە لە کوورە پوختە کرابێت وابوون، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو. |
حەوت ئەستێرە لە دەستی ڕاستی بوون، شمشێرێکی دوودەمیش لە دەمیەوە دەردەچوو، ڕوخساری وەک تیشکی بەتینی ڕۆژ دەدرەوشایەوە. |
کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من سەرەتا و کۆتاییم. |
منم زیندووەکە! مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم پێیە. (aiōn g165, Hadēs g86) |
«بۆیە ئەمانە بنووسە لەوەی بینیت و ئەوەی هەیە و ئەوەی پاش ئەمەش دەبێت. |
نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی لە دەستی ڕاستم بینیت و حەوت چرادانە زێڕینەکە ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەی حەوت کڵێساکانن و حەوت چرادانەکەش حەوت کڵێساکەن.» |