هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی ساردس بنووسە: ئەوەی حەوت ڕۆحی خودا و حەوت ئەستێرەکەی هەیە دەفەرموێ: «ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ بە ناو زیندوویت، بەڵام مردوویت. | 1 |
ئێشک بگرە! ئەوەی ماوە و خەریکە بمرێت بەهێزی بکە، چونکە لەبەردەم خودام کارەکانتم بە ناتەواوی بینی. | 2 |
ئیتر ئەو شتەی کە فێری بوویت و بیستت بەبیر خۆتی بهێنەرەوە و بە باشی پێیەوە پابەند بە و تۆبە بکە. بەڵام ئەگەر ئێشک نەگریت ئەوا وەک دزێک دێم و نازانی لە چ کاتێکدا دێمە سەرت. | 3 |
«کەچی خەڵکێکی کەمت لە ساردسدا هەیە بەرگەکانیان گڵاو نەکردووە. ئەوان بە بەرگی سپییەوە لەگەڵ من ڕێ دەکەن، چونکە شایانی ئەوەن. | 4 |
ئەوەی سەربکەوێت، ئاوا بەرگی سپی دەپۆشێت و ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا ناسڕمەوە و لەبەردەم باوکم و لەبەردەم فریشتەکانی دان بە ناوەکەیدا دەنێم. | 5 |
ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.» | 6 |
هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی فیلادەلفیا بنووسە: ئەوەی پیرۆز و ڕاستە، کلیلەکەی داودی لە دەستە، ئەوەی دەیکاتەوە و کەس دایناخات، دایدەخات و کەس نایکاتەوە، دەفەرموێ: | 7 |
«ئاگام لە کردارەکانتە. ئەوەتا دەرگایەکی کراوەم لەبەردەمت داناوە و کەس ناتوانێت دایبخات. دەزانم هێزێکی کەمت هەیە، بەڵام وشەی من دەپارێزیت، نکۆڵیت لە ناوی من نەکرد. | 8 |
ئەوەتا ئاوا لەوانەی کەنیشتی شەیتان دەکەم، ئەوانەی دەڵێن جولەکەین و جولەکەش نین، بەڵکو درۆ دەکەن، وایان لێ دەکەم بێن و لەبەردەم پێیەکانتدا کڕنۆش ببەن و بزانن تۆم خۆشویستووە. | 9 |
لەبەر ئەوەی بەگوێرەی ڕاسپاردەکەم دانت بەخۆتداگرت، منیش لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەتپارێزم کە بەسەر هەموو جیهاندا دێت بۆ ئەوەی دانیشتووانی جیهان تاقی بکرێنەوە. | 10 |
«زوو دێم. دەست بگرە بەوەی هەتە، تاکو کەس تاجەکەت لێ نەستێنێت. | 11 |
ئەوەی سەربکەوێت، دەیکەمە کۆڵەکەیەک لەناو پەرستگای خودام و هەرگیز لێی دەرناچێت. ناوی خودای خۆم و ناوی شاری خودای خۆمی لەسەر دەنووسم، ئۆرشەلیمی نوێ، ئەوەی لەلایەن خودای خۆم لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، هەروەها ناوی نوێی خۆمی لەسەر دەنووسم. | 12 |
ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.» | 13 |
بۆ فریشتەی کڵێساکەی لاودیکییا بنووسە: ئەمە پەیامی ئەوەیە کە بە ئامین ناو دەبردرێت، کە شایەتیدەری دڵسۆز و ڕاستگۆیە و سەرچاوەی بەدیهێنراوەکانی خودایە: | 14 |
«ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ نە سارد و نە گەرمیت. خۆزگە سارد یان گەرم بووای، | 15 |
بەڵام لەبەر ئەوەی شلەتێنیت، نە ساردیت و نە گەرمیت، بەتەمام لە دەممەوە بتتفێنمەوە. | 16 |
تۆ دەڵێی:”دەوڵەمەندم و زەنگین بوومە، پێویستیم بە هیچ نییە.“بەڵام بێئاگای لەوەی کە بەدبەخت و نەگبەت و هەژار و کوێر و ڕووتیت. | 17 |
ئامۆژگاریت دەکەم زێڕی بە ئاگر پوختەکراوم لێ بکڕیت تاکو دەوڵەمەند بیت، جلی سپیش تاکو لەبەری بکەیت بۆ ئەوەی شەرمەزاری ڕووتیت دەرنەکەوێت، هەروەها کلیش بۆ ئەوەی لە چاوتی بدەیت هەتا ببینیت. | 18 |
«ئەوانەی خۆشم بوێن سەرزەنشتیان دەکەم و تەمبێیان دەکەم. بۆیە دڵگەرم بە و تۆبە بکە. | 19 |
ئەوەتا لە بەردەرگا وەستاوم و لە دەرگا دەدەم. ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگم بوو و دەرگاکەی کردەوە، لێی دێمە ژوورەوە و نانی لەگەڵ دەخۆم، ئەویش لەگەڵ من. | 20 |
«ئەوەی سەربکەوێت، لەگەڵ خۆم لەسەر تەختەکەم دایدەنیشێنم، وەک چۆن منیش سەرکەوتنم بەدەستهێنا و لەگەڵ باوکم لەسەر تەختەکەی دانیشتم. | 21 |
ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.» | 22 |