لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە، | 1 |
بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری کۆلۆسی، ئەو خوشک و برا دڵسۆزانەی کە لەگەڵ مەسیح یەکن: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمانەوە لەگەڵتان بێت. | 2 |
کاتێک نوێژتان بۆ دەکەین هەردەم سوپاسی خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەین، | 3 |
چونکە هەواڵی باوەڕی ئێوەمان بە عیسای مەسیح پێگەیشت لەگەڵ ئەو خۆشەویستییەی بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا هەتانە. | 4 |
ئەو باوەڕ و خۆشەویستییە دەرئەنجامی ئەو هیوایەیە کە لە ئاسماندا بۆتان دانراوە، ئەوەی پێشتر لە پەیامی ڕاستی ئینجیل بیستتان، | 5 |
کە گەیشتە لاتان. وەک هەموو جیهان، ئەم ئینجیلە بەرهەمدارە و لەنێواتاندا زیاد دەکات، لەو ڕۆژەوەی نیعمەتی ڕاستی خوداتان بیست و ناسیتان. | 6 |
وەک لە ئەپەفراسی هاوکاری خۆشەویستمان فێربوون، کە لە پێناوتاندا خزمەتکارێکی دڵسۆزە بۆ مەسیح و | 7 |
باسی خۆشەویستی ئێوەی کرد لە ڕۆحی پیرۆزدا. | 8 |
لەبەر ئەم هۆیە ئێمەش لەو ڕۆژەوەی بیستمان، بێ وەستان لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکەین، داوا لە خودا دەکەین کە لە ڕێگای هەموو دانایی و تێگەیشتنێکی ڕۆحییەوە پڕ بن لە زانینی خواستی ئەو، | 9 |
بۆ ئەوەی بە شێوەیەک بژین کە شیاوی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت و بە تەواوی جێگای ڕەزامەندیی ئەو بێت، لە هەموو چاکەکارییەک بەرهەمدار بن و لە ناسینی خودا گەشە بکەن. | 10 |
با مەسیح بەگوێرەی توانای شکۆی خۆی بە هەموو هێزێک بەهێزتان بکات، بۆ هەموو دانبەخۆداگرتن و ئارامگرتنێک، بە خۆشییەوە | 11 |
سوپاسی خودای باوک بکەن ئەوەی کە وای کرد ئێوە شایستەی هاوبەشی بن لە میراتی گەلی پیرۆزی خۆی لە پاشایەتی ڕووناکیدا. | 12 |
خودای باوک ئەوەی لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە، | 13 |
بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا کڕدراینەوە، واتە لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت. | 14 |
کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە، | 15 |
چونکە بەو هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی لە ڕێگەی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران. | 16 |
ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەو یەکیگرتووە. | 17 |
ئەو سەری جەستەیە کە کڵێسایە. ئەو سەرەتایە و نۆبەرەی نێو مردووانە، تاکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، | 18 |
چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت، | 19 |
لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ئاشت بکاتەوە و بە خوێنی خاچەکەی ئاشتی بنێتەوە، ئەگەر لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمان. | 20 |
ئێوە پێشتر لە خودا دابڕابوون و دوژمن بوون لە بیرکردنەوە بە خراپەکاری، | 21 |
بەڵام ئێستا بە مردنی جەستەی مرۆڤانەی مەسیح ئاشتی کردنەوە، تاکو لەبەردەمی بە پیرۆزی و بێ لەکە و بێ گلەیی پێشکەشتان بکات، | 22 |
ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو باوەڕە و دامەزراو و چەسپاو بن، لانەدەن لە هیوای ئەو مزگێنییەی بیستتان، ئەوەی بۆ هەموو بەدیهێنراوانی ژێر ئاسمان ڕاگەیەنراوە، خۆشم وەک پۆڵس بۆی بوومە خزمەتکار. | 23 |
ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا و پاشماوەی تەنگانەی مەسیح لە جەستەی خۆمدا تەواو دەکەم، لە پێناوی جەستەی ئەو، کە کڵێسایە. | 24 |
من بووم بە خزمەتکاری کڵێسا بەپێی ئەو ئەرکەی کە لەلایەن خوداوە پێم سپێردراوە، تاوەکو تەواوی پەیامەکەی خوداتان پێ ڕابگەیەنم، | 25 |
واتە ئەو نهێنییەی سەردەمانێکی زۆر و نەوە لەدوای نەوە شاردراوە بوو، ئێستا بۆ گەلی پیرۆزی خودا ئاشکرا کرا. (aiōn g165) | 26 |
پلانی خودا ئەوەیە کە دەوڵەمەندی شکۆی نهێنییەکە بۆ گەلی خودا لەنێو نەتەوەکاندا ئاشکرا بکات، نهێنییەکەش ئەوەیە کە مەسیح لەناوتاندایە، ئەمەش هیوای شکۆدارییە. | 27 |
ئێمە ئەو ڕادەگەیەنین، هەموو کەسێک ئاگادار دەکەینەوە و بەوپەڕی داناییەوە فێریان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەر یەکێکیان وەک کەسێکی پێگەیشتوو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بهێنینە بەردەم خودا. | 28 |
بۆ ئەمەش ماندوو دەبم و تێدەکۆشم، بەگوێرەی کارەکەی کە بەهێزەوە لە مندا کار دەکات. | 29 |