لە پۆڵسەوە کە نێردراوی عیسای مەسیحە بە فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان و عیسای مەسیحی هیوامان، | 1 |
بۆ تیمۆساوس، کوڕی ڕاستەقینەم لە باوەڕدا: با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت. | 2 |
کاتێک بۆ ناوچەی مەکدۆنیا چووم، لێت پاڕامەوە لەوێ لە شاری ئەفەسۆس بمێنیتەوە، تاکو خەڵکێک ڕاسپێری فێرکردنێکی جیاواز نەدەن و | 3 |
گوێ نەدەنە ئەفسانە و ڕەچەڵەکی بێ کۆتایی، چونکە دەمەقاڵەی لێ دەکەوێتەوە، لەبری پلانی خودایی کە لە باوەڕەوەیە. | 4 |
ئامانجی ئەم ڕاسپاردەیە بریتییە لە خۆشەویستی لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی چاک و باوەڕێکی بێ دووڕوویی. | 5 |
هەندێک لەمانە لایانداوە، بەلای قسەی پووچدا ڕۆیشتوون، | 6 |
دەیانەوێ ببنە مامۆستای تەورات، هەرچەندە تێناگەن لەوەی کە دەیڵێن و دەیچەسپێنن. | 7 |
بەڵام دەزانین تەورات چاکە، ئەگەر یەکێک بە دروستی بەکاریبهێنێت، | 8 |
هەروەها دەزانین تەورات بۆ کەسی ڕاستودروست دانەنراوە، بەڵکو بۆ سەرپێچیکار و یاخیبووان، خوانەناس و گوناهباران، پیس و گڵاوەکان، دایک و باوک کوژان، بکوژان، | 9 |
داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی کۆیلە، درۆزن و سوێندخۆرانی بە درۆ، هەر شتێکیش لە دژی فێرکردنی دروست بێت، | 10 |
بەگوێرەی پەیامی ئینجیلی شکۆی خودای بەرەکەتدار، ئەوەی بە من سپێردراوە. | 11 |
سوپاسی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەم، ئەوەی بەهێزی کردم و بە دڵسۆزی داناوم و بۆ خزمەتکردن دەستنیشانی کردم. | 12 |
هەرچەندە جاران کفرکەر و چەوسێنەر و توندڕەو بووم، بەڵام عیسا بەزەیی پێمدا هاتەوە، چونکە بە نەزانی و بێباوەڕی دەمکرد. | 13 |
سەرڕێژ بووم لە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆمان، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە بەهۆی یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەست دێت. | 14 |
ئەم قسەیە ڕاستە و تەواو شایانی قبوڵکردنە: عیسای مەسیح بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران هاتە جیهان، هیچ کەسێک بە ئەندازەی من گوناهبار نییە. | 15 |
بەڵام بەزەیی پێمدا هاتەوە، تاکو یەکەم جار لە مندا عیسای مەسیح بەوپەڕی پشوودرێژی دەربکەوێت، وەک نموونەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. (aiōnios g166) | 16 |
با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین. (aiōn g165) | 17 |
کوڕم تیمۆساوس، ئەم ڕاسپاردەیەت پێ دەسپێرم، بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی پێشتر دەربارەی تۆ گوتراون، تاکو بەهۆیانەوە بە باشی بجەنگیت، | 18 |
دەست بە باوەڕ و ویژدانێکی چاکەوە بگرە، کە هەندێک کەس ڕەتیان کردەوە، جا کەشتی باوەڕیان تێکشکا، | 19 |
لەوانە هیمینایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان، بۆ ئەوەی فێربن کە کفر نەکەن. | 20 |